بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان بەردەوام گۆڕانكاری لە دۆخی كەشوهەوای هەرێم ڕوودەدات و لە كۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتووش دوو شەپۆلی باران بارن ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێك، كە دەستەی گشتی كەشناسی عیراق بڵاویكردۆتەوە، ئەو شەپۆلە بارانەی ناوچەكانی عیراق و هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە سبەینێ سێ شەممە لە كاتەكانی شەودا كۆتایی دێت و ڕۆژی چوار شەممە ئاسمان ساماڵ و هەتاو دەبێت و ئەگەری دروست بوونی تەم لە كاتەكانی ئێوارەدا هەیە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، ڕۆژی پێنج شەممە باران بارین سەرجەم ناوچەكانی عیراق و هەرێم دەگرێتەوە و هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێم بەفر دەبارێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، كە ڕۆژی هەینی كاریگەرییەكەی لاواز دەبێت و زۆربەی كات ئاسمن نیمچە هەور دەبێت و نمە باران لە چەند ناوچەیەكی هەرێم دەبارێت، بەڵام لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق ئاسمان ساماڵ و خۆرەتاو دەبێت لەگەڵ دروست بوونی تەم لە كاتەكانی بەیانیدا.
كەشناسی عیراق پێشبینیشی كردووە، كە ڕۆژی شەممە ئاسمان لە سەرجەم ناوچەكان نیمچە هەور دەبێت و لە ڕۆژی یەك شەممەوە شەپۆلێكی دیكەی باران ناوچەكانی عیراق و هەرێم دەگرێتەوە.
No comments:
Post a Comment