بارودۆخی ئەو كچەی لە چەمچەماڵ خۆی و منداڵەكانی لەناو ماڵەكەیدا سووتان، پزیشك 15 رۆژی بۆ داناوە تا بڕیار لەسەر مان یان نەمانی بدرێت. پۆلیسیش دەڵێ، دادوەر چاوەڕوانی راپۆرتی تیمی بەڵگەی تاوان و پۆلیس دەكات بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەكە، باوكی كچەش داوا لە نێچیرڤان بازرانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەكات كچەكەی لە مردن رزگار بكات.
دوای بڵاوبوونەوەی نامەكەی بە هاوارچوونەكەی لە بارەی سووتانی 90%ی جەستەی كچەكەی و مردنی سێ منداڵەكەی بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە ماڵەكەیدا، قادر نووری شەریف باوكی كچەكە و باپیری سێ منداڵەكە داوا لە پەرلەمان دەكات و دەڵێ، "وەرن بە دەنگ هاوارمانەوە و بەرگری لە مافی كچەكەم بكەن".
پۆلیسی چەمچەماڵ چەند سەعاتێك دوای رووداوەكە باوكی منداڵەكانی گرت و رای گەیاند، لێكۆڵینەوە لە هۆكاری سەرەكی ئاگركەوتنەوەكە و گیان لەدەستدانی منداڵەكان و سووتانی دایكیان دەكەن.
لە نامەیەكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتیی و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە، قادر نووری شەریف كە دەكاتە باپیری سێ منداڵەكە دەڵێت، بۆیە سكاڵاكەم ئاراستەی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی مافمان وەربگرن و سزادانی ببێتە وانەیەك بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێ تاوان ئەنجام بدەن".
لە گەڕەكی ئاسوودەی چەمچەماڵ ئاگر لە ماڵێك كەوتەوە، بەهۆیەوە سێ منداڵ بە ناوەكانی دارین، لارین و دەروون، كە تەمەنیان لە نێوان یەك بۆ پێنج ساڵ دەبوو، سووتان و دەستبەجێ گیانیان لە دەست دا، بەڵام سێوەی دایكیان 90%ی جەستەی سووتاوە و هێشتا زیندووە و لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری وردی پزیشكییە و باری تەندروستیشی جێگیر نییە.
هەر دوای رووداوەكە پۆلیس رای گەیاند، مێردی سێوە لەسەر سكاڵای باوكی كچەكە گیراوە، بەڵام قادر نووری دەڵێ، پۆلیس زاواكەی نەگرتووە، بەڵكو خۆی گرتوویەتی و بردوویەتی بۆ بنكەی پۆلیس.
ئەمە لە كاتێكدایە بە قسەی رەمك رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ سێوە لە نەخۆشخانە گوتوویەتی رووداوی ئاگركەوتنەوەكە خەتای مێردەكەی بووە.
چوار رۆژ بەسەر رووداوەكە تێپەڕیوە، سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، پزیشكی دادی و ئاگركوژێنەوە راپۆرتی خۆیان لەسەر رووداوەكە ئامادە كردووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان و پۆلیس هێشتا راپۆرتیان لەسەر رووداوەكە ئامادە نەكردووە تا دادوەر دەست بە لێكۆڵینەوە بكات لە رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی گەڕەكی ئاسوودەی چەمچەماڵ.
سەركەوت ئەحمەد لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە ئەوەی باوكی سێوە دەیڵێت وەك پۆلیس ناتوانین بڵێین راستە یان نا، بەڵام پۆلیس لێكۆڵینەوەی خۆی دەكات، راپۆرتەكانی باسم كردن دەدرێنە دادوەر و ئەویش بڕیاری كۆتایی لەسەر تاوانەكە و تاوانبارەكە دەدات كە ئایا دەستی كەسی تێدا هەیە یان نا.
باوكی سێوە بۆ نێچیرڤان بارزانی: كچەكەم ببەن بۆ توركیا
دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئاگركەوتنەوەكە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتەری تایبەتی خۆیدا ئاماژەی بەوە دا كە لە ناخەوە هەژاندوویەتی و دەڵێ هاوبەش و هاوخەمی خێزانەكەیانم، چی پێویست بێت هاوكار دەبین.
قادر نووری شەریف باوكی سێوە لە لێدوانێكی تایبەت بە "وێبنام
ە" داوای لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت كرد لیژنەیەك رەوانەی نەخۆشخانە بكات و كچەكەی ببەن بۆ توركیا بەڵكو لە مردن رزگاری دەبێت.
ئەو گوتی "بە قسەی پزیشكی پسپۆڕ كچەكەی چەند 15 رۆژی تر چارەنووسی یەكلا دەبێتەوە كە مەترسی مردنی لەسەر دەبێت یان دەژیت، چونكە بە قسەی پزیشك بێت كچەكەم ئێستە دەتوانێت قسە بكات، تا شەش بۆ حەوت رۆژ تا ئەو كاتەی برینەكانی شۆڕ دەبنەوە بۆ ناو جەستەی و نزیك دەبێتەوە لە گورچیلەكانی، ئەوكات مەترسی دەكەوێتە سەر ژیانی، بۆیە ئەگەر تا ئەوكات نەمرێت، ئەوا دۆخی تەندروستی باشتر دەبێت".
قادر نووری داوای ئەوەیشی كرد كە زاواكەی كە ئێستە لەلای پۆلیس دەستبەسەرە، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەربكەن یانیش هاوشێوەی كچەكەی و منداڵەكانی بسووتێنرێت، گوتی "نامەوێت خەڵك گوێی لە ئازارەكانی ئێمە بێت و ئێمەش بە دیار ئازارەكانمانەوە بگرین، دەمانەوێت وەك ئەوەی ئەو بەسەر كچەكەی منی هێنا، ئاوای لێ بكرێت، یانیش لە سێدارە بدرێت، ئەگەر ئەوە بكەن مانای وایە لە كوردستان دیموكراسی هەیە".
ئەبوبەكر هەڵەدەنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆیان بۆ قادر نووری شەریف، داوای سەروەریی یاسا دەكەن، دەڵێ دەبێت دادگای لێكۆڵینەوەی چەمچەماڵ دەستوبرد بكات لە بەجێهێنانی ئەركی دادپەروەریەتی و دەرخستنی راستییەكان بۆ سزادانی بەپێی یاسا.
محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی مافەكانی مرۆڤ دەڵێ، وەك دەستە كەسیان رانەسپاردووە بۆ چاودێری كەیسەكە لە نزیكەوە، بەڵام بەردەوام چاودێری دەكەن، گوتی "مێری سێوە ئێستە لە چاكسازی گەورانی سلێمانی گیراوە و دادگا بڕیار لەسەر كەیسەكە دەدات".
No comments:
Post a Comment