بە بۆنەی سەری ساڵی نوێ، ئێوارەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە شێوەیەكی كتوپڕ و رانەگەندراو گەیشتە عێراق و سەردانی هێزەكانی وڵاتەكەی لە بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار كرد، ئەو دووپاتی كردەوە كە پلانی پاشەكشەكردنی لە عێراق نییە.
وەك ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاوی كردەوە، ترەمپ بەبۆنەی ئاهەنگی سەری ساڵ و بەسەركردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە یەكەم سەردانی بۆ ناوچەكە دوای نزیكەی دوو ساڵ لە بوونی بە سەرۆكی ئەمەریكا ئەو سەردانەی ئەنجام دا، هاوكات دوای چەند رۆژێك لە راگەیاندنی پاشەكشەی وڵاتەكەی لە سووریا.
سەعات 19:16ی ئێوارەی ئەمڕۆ بە كاتی عێراق فڕۆكەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری نیشتەوە لە دوای گەشتێكی یەكشەوی لە واشنتنەوە كە ترەمپ بە هاوەڵی میلانیای هاوسەری و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دەزگای تەناهی و رۆژنامەوانان سەردانی هێزەكانی ئەمەریكایان لە عێراق كرد.
ترەمپ و هاوسەرەكەی سێ سەعات لەگەڵ كارمەند و هێزەكانی ئەمەریكا لە بنكە سەربازییەكە مانەوە و پیرۆزباییان لێ كردن بەهۆی ئاهەنگەكانی سەری ساڵ، ترەمپ لەو دیدارەی لەگەڵ سەربازیانی لە عێراق گوتی، رەنگە عێراق بكەین بە بنكەیەك بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ ناو خاكی سووریا.
ترەمپ لە میانی قسەكانی بەرگری لە بڕیاری پاشەكشەكردنی لە سووریا كرد و گوتی، دواتر زۆر كەس هەن قەناعەت بە شێوازی بیركردنەوەم دەكەن، دووپاتی كردەوە، لە پرسی دیاریكردنی وەزیری نوێی بەرگری پەلەمان نییە و رەنگە ئەوكەسەی ئێستە ئەركەكانی وەزیری بەرگری رادەپەڕێنێت، ماوەیەكی درێژ بەو شێوەیە بمێنێتەوە.
ترەمپ ئاماژەی كرد، پێشتر بە راوێژكارەكانم گوتبوو با لە سووریا بچینە دەرەوە، بەڵام قەناعەتیان پێ كردم بۆ مانەوە، دواتر بڕیاری گەڕاندنەوەی هێزەكانم دا كە ژمارەیان دوو هەزار سەربازە بۆ وڵاتەكەیان، بۆیە پێم وایە زۆر كەس قەناعەت بە شێوازی بیركردنەوەم دەكەن و كاتی ئەوە هاتووە كە مێشكمان بەكار بێنین.
No comments:
Post a Comment