پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، پلانیان هەیە نرخی بەنزین هاوشێوەی حكومەتی ناوەندی بگەیەننە (450) دینار و لەوبارەیەوە هەنگاوی باشیان ناوە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لەسەر پشكی گۆڕان بە میدیای فەرمی حزبەكەی وتووە” لەگەڵ حكومەتی عێراق پلانیان هەیە بۆ دابەزینی نرخی سوتەمەنی لە پارێزگای سلێمانی بەجۆرێك نرخی لیترێك بەنزین بۆ (450) دینار و نرخی یەك لیتر گازوایلیش بۆ (425) دینار دابەزێت.”
هەر لە قسەكانیدا وتویەتی” لە سێكتەری سوتەمەنی كاری باش كراوە، لەكاتێكدا ماوەی پێنج ساڵە سوتەمەنی بەو شێوە و خێراییەی ئێستا دابەشنەكراوە لەگەڵ ئەوەی نرخی زۆر و كوالیتی خراپ بووە، بەڵام ئێستا لەماوەی سێ هەفتە و بە چوار قۆناغ نرخی سوتەمەنی دابەزیوە و كۆنتڕۆڵی نرخی بازرگانی كراوە.”
وتیشی “لەماوەی چوار ساڵی رابردودا نەوتی سپی بەو خێراییە دابەشنەكراوە، بەڵام ئێستا نەوتی سپی بە شێوەیەكی خێرا و بە نرخێكی هەرزان دابەش دەكرێت و توانیویانە هەر خێزانە و بەرمیلێك نەوتی سپی بەنرخی پشتیوانیكراو بەسەریاندا دابەش بكرێت”.
وتیشی “زۆرینەی پڕۆژەكان بە پاڵپشتی كەرتی تایبەت ئەنجامدراون، كە ئامانجیانە كەرتی تایبەت لەگەڵ حكومەت ئاشتبكەنەوە و حكومەت بكەن بە حكومەتی شەفاف و خزمەتگوزار و حكومەتی هاوڵاتی”.
No comments:
Post a Comment