Wednesday, 19 December 2018

گەڕانەوەی پارەی پسوولەی ئاو خەڵكی هەولێری تاساند تەقیەوە

لە دوو رۆژی رابردوودا ئەو كۆمپانیا لبنانییەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی هەولێرەوە بۆ ئەوە راسپێردراوە چاودێری بەكاربردنی ئاوی ماڵان بە پشتبەستن بە پێوەری ئاو بكات، بۆ یەكەم جار پسوولەی خەرجییەكانی ئاوی لە گەڕەكێكی هەولێر دابەش كردووە و خەڵكیش بە بینینی ئەو بڕە پارەیەی بۆ سێ مانگی بەكاربردنی ئاو بۆیان گەڕاوەتەوە، تاساون.

ئازاد یوسف كە ماڵەكەی لە عەنكاوەیە بۆ "وێبنامە
" باسی لەوە كرد كە بۆ سێ مانگ ئاو 768 هەزار دیناری بۆ گەڕاوەتەوە. ئەو وێنەیەك لەو پسوولەیەی بۆ "وشە" رەوانە كردووە و بەگوێرەی پسوولەكەش زانیاری ورد لەبارەی بڕی بەكاربردنی ئاو تۆمار نەكراوە و تەنیا ئاماژە بە چەند كۆدێك كراوە.

ئەو هاووڵاتییە دەڵێت تەنیا پسوولەی ماڵەكەی ئەو وا نییە، بەڵكو زۆربەی خەڵكی گەڕەكەكە پارەی زۆریان بۆ گەڕاوەتەوە و هەندێكیان كرێكەیان گەیشتووەتە ملیۆنێك دینار.

بە بۆچوونی ئازاد یوسف دوایین جار لە مانگی نۆی ئەمساڵ لیژنەكەی ئاو سەردانی پێوەرەكەی ئاویان كردووە و خۆشی زۆر دڵخۆش بووە لەوەی لەمەودوا سیستەمێك بۆ ئاو دادەنرێت و خەڵك چیتر ئاو بە فیڕۆ نادەن، ئێستەش كە ئەو بڕە پارە زۆرەی بۆ گەڕاوەتەوە، دڵنیایە لەوەی دەبێ هەڵەیەك كرابێ و لە كاتێكدا بڕێكی كەم ئاو بەكار دەهێنن و لەو كەسانە نین كە خەریكی شووشتنی ئۆتۆمبێل و كۆڵان بن، كەچی ئەو بڕە زۆرە كرێیەیان بۆ گەڕاوەتەوە.

ئەم كرێیە زۆرە لە كاتێكدا بۆ خەڵك گەڕاوەتەوە كە پێشتر مانگانە 12 هەزار و 500 دیناریان داوە و بەگوێرەی سیستەمی نوێش هەرگیز بایی ئەو بڕە زۆرە پارە ئاویان خەرج نەكردووە.

هەندێك هاووڵاتی داهاتی مانگانەیان كەمترە لە 600 هەزار دینار، كەچی سەرووی 800 هەزار دینار كرێی ئاویان بۆ هاتووەتەوە، ئەمەش بە زەنگێكی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان هەژمار دەكرێت و گومانی ئەوە دەكرێ كۆمپانیای كەرتی تایبەت دەرفەتەكە لە قازانجی خۆیدا بقۆزیتەوە.

ئاری ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە ئەو حاڵەتانەی پارەی زۆریان بۆ گەڕاوەتەوە، یان دەبێت ئاوێكی زۆریان خەرج كردبێت یانیش هەڵەیەك لە پێوەری ئاوەكەدا هەبێت و بە هەڵە خوێنرابێتەوە.

ئەو روونی كردەوە لەو شوێنەی پسوولەكان دابەش كراون زۆربەی هاووڵاتییان بۆ سێ مانگ 70 هەزار تا 120 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە، هەندێكیشیان لەم بڕە پارەیە كەمتر یان زیاتریان بۆ نووسراوە و چەند حاڵەتێكیش هەن كە سەرووی 700 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە. 
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی چۆنیەتی خەرجكردنی ئاوەكە بەگوێرەی مەتری سێجایە و تا زیاتر خەرج بكرێ ئەوا پارەی زیاتری لێ وەردەگیرێت و نرخەكەش لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند كراوە.

ئەم نرخە زۆرەی ئاو ئەگەر خەڵكی گەڕەكێكی دەوڵەمەندنشینی وەك عەنكاوەی تاساندبێت، ئەوا لە گەڕەكە هەژارنشینەكانی هەولێر كە بە لێشاو ئاو خەرج دەكەن، دوای بینینی پسوولە دەبێ تووشی چ شۆكێك بن.

No comments:

Post a Comment