بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كاتژمێر 1:23 خولەكی سبەی شەو دەكەوێنە نێو وەرزی زستانەوە.
كەشناسی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، سبەی هەینی، 2018.12.21 كاتژمێر 10:23 خولەك بە كاتی نێو دەوڵەتی، یەكەمین رۆژی وەرزی زستانە لەنیوەگۆی باكووری زەویدا.
ئاشكراشیدەكات، بەپێی لێكدانەوە فەلەكییەكان، رۆژی هەینی بەرواری 2018.12.21 كاتژمێر 10:23 خولەك بە كاتی نێودەوڵەتی كە دەكاتە شەممە 2018.12.22 كاتژمێر 01:23ی بەیانی بەكاتی هەولێر، دیاردەی وەرگەڕانی زستانە روودەدات، واتە یەكەم رۆژی وەرزی زستان لەنیوەگۆی باكووری هەسارەكەمان دەستپێدەكات و ئەو شەوەش بە درێژترین شەوی ساڵ دەژمێردرێت و تیایدا ماوەی شەو دەگاتە 13 كاتژمێرو 44 خولەك و 1 چركەو ماوەی رۆژیش كورترین ئاست تۆمار دەكات كە دەگاتە 10 كاتژمێرو 15 خولەك و 59 چركە.
كەشناسی رونیدەكاتەوە، هەر لەو بەروارەدا و بەپێی لاری گۆشەی خولانەوەی تەوەریی زەوی لەسەر تەوەری كەمەریدا، تیشكی خۆر ستوونی دەبێت لەسەر (خولگەی قڕژاڵ) لەنیوەگۆی باشووری زەوی، هەربۆیە تیشكی خۆر زیاتر بەرەو نیوەگۆی باشووری زەوی دەكشێ تا دەگاتە ئاستی 23 پلەو 26 خولەك بەرەو باشوور، ئەمەش واتای كشانێكی زۆر دەنوێنێ لە تیشكی خور لە نیوەگۆی باكوور بەرەو باشوور، ئەوكاتە بۆ دانیشتوانی نیوەگۆی باشووری زەوی، دەستپێكی وەرزی هاوینە دەبێت.
جەختیش لەوە دەكاتەوە، هۆكاری درێژبوونەوەی ماوەی شەو و رۆژو دابەزینی پلەكانی گەرما لە نیوەگۆی باكووری زەوی هۆكارەكەی بۆ لاربوونەوەی تیشكی خۆرە، نەك دووركەوتنەوەو نزیكبونەوەی زەوی لە خۆر، چونكە لە راستیدا وەرگەڕانی زستانە لە نیوگۆی باكووری زەویدا كاتێك روودەدات كە هەسارەكەمان لە نزیكترین خاڵدایە لە خۆر! لە هاوینیشدا لە دوورترین خاڵدایە!.، لەهەمانكاتدا بەوپێیەی ئەو ناوچانەی دەكەونە نێو بازنەی جەمسەری باكوور لە هێڵە پانییە بەرزەكان، خۆر یەكجار زۆر زیاتر لە ئاسمانیان دوور دەكەوێتەوەو تا وایلێدێت خۆر بۆماوەی 6 مانگ لەو ناوچانەدا نابینرێت!، بەڵام بە پێچەوانەوە لە ناوچەكانی نێو بازنەی جەمسەریی باشووردا خۆر بۆماوەی 6 مانگ هەڵدێت و لە كاتی ئاوابوونیدا لەسەر ئاسۆی رۆژئاوا دەبێ و پاشان بۆ باكووری رۆژئاواو ئینجا باكوور و پاشان بۆ باكووری رۆژهەڵات و ئینجا دووبارە لە رۆژهەڵاتدا بەرز دەبێتەوە ناوەڕاستی ئاسمان.
لەو شەوەدا كە وەرزی زستان دەستپێدەكات و بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت، هاووڵاتیان بەشێوەیەكی جیاواز ئەو شەوە بەڕێدەكەن و بە شەوی “یەڵدا” ناوی دەهێنن.
No comments:
Post a Comment