Thursday, 27 December 2018

حكومەتی هەرێم مامۆستایەكی ئاینی لە گوتاردان دوورخستەوە

مامۆستایەكی ئایینی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگوتاردان دووردەخرێتەوە و مامۆستا ئایینیەكەش هۆكارەكەی بۆ باسكردنی هەندێك بابەت لەناو گوتارەكانیدا دەگەڕێنێتەوە.

سۆران عەبدولكەریم، بانگخواز و مامۆستای ئایینی بە(وێبنامە)ی ڕاگەیاند، بەبڕیاری وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم لەڕێگەی تەلەفۆنەوە ئاگاداركراوەتەوە، كە نابێت لەمەودوا لە مزگەوت گوتار بدات، بەڵام دەیەوێت وەزیری ئەوقاف ببینێت و بڕیارە لەهەفتەی ئایندەدا یەكتر ببینن و باس لەم بابەتە بكەن.

ناوبراو ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەم بڕیارە زۆر گاڵتەجاڕییە، چونكە ئەو مزگەوتەی گوتاری لێ پێشكەشدەكات لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدایە، بەڵام وەك دەوامی پەروەردە سەر بە چەمچەماڵە لەحكومەتی هەرێم.

وتیشی:”وەزارەتی ئەوقاف بەتەلەفۆن مامۆستا وشیار مەجید و منیشی ئاگاداركردۆتەوە، كە ئەو بەبڕیارێكی ئیداری بۆ ماوەی دوو هەفتە لەگوتاردان بوەستێت و منیش بەتەواوی دووربخرێمەوە”.

ڕوونیكردەوە، مامۆستا هەورامان گەچێنەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی قسەی كردووە، بەڵام وتبووی لەدەسەڵاتیدا نییە و وەزیری ئەوقاف ئەو بڕیارەی دەركردووە.

لەبارەی هۆكاری دوورخستنەوەی لەگوتاردان ئەو مامۆستا ئایینییە دەڵێت “لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گوێگرێكی زۆرم هەیە، كۆمەڵێك خەڵك خۆیان ڤیدیۆ بڵاودەكەنەوە، كە لەژێر دەستی مندا تۆبەیان كردووە، بەڵام هەست دەكەم كاریگەرب مامۆستایەكی ئاینی لەسەر ئەم بابەتە هەبێت”.

زیاتر ڕوونیكردەوە، پێشتریش زۆر بوێرانە گوتاری پێشكەش كردووە، تەنانەت داعش هەڕەشەی لێ كردووە، و گوتارێكی لەسەر عەفرین پێشكەش كردووە، كە زۆر بوێرانە قسەی كردووە و بەرپرسی باڵای حزب دەستخۆشی كردووە و تویەتی “هیچ مامۆستایەكی ئایینی بوێری نەبووە وەك تۆ لەسەر عەفرین قسە بكات”.

ناوبراو دەشڵێت “لەئەلف تاكو یائی گوتارەكانم لێی پەشیمان نیم، چونكە ڕاستیم وتووە و سوكایەتیم بەكەس نەكردووە”.

جەختی لەوەشكردەوە، وەك ئەوقاف سەر بەحكومەتی هەرێم نییە، بۆیە هەوڵدەدات بەردەوامبێت لەگوتار پێشكەش كردن، بەڵام ئەگەر فشارەكان زۆر و حزبی و حكومیبن، ئەوكاتە ناچارە دەبێت لەماڵەوە دابنیشێت، بەڵام لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە گوتارەكانی پێشكەش دەكات، چونكە خەڵكانێكی زۆر گوێگری گوتارەكانین و زۆر سوپاسیان دەكات كە لەدوای بڵاوبونەوەی ئەم بڕیارەوە پاڵپشتییان بۆ دەربڕیوە.

ناوبراو لە گوتارەكانیدا باسی لە بۆنەكانی كرێسمس و شاجوان و درامای توركی و هەندێك كەناڵی تەلەفزیۆنی كردووە.

No comments:

Post a Comment