دایک و باوکی سێوان قادر سکاڵاکەیان لەسەر تۆمەتبارێکی کەیسی کچەکەیان کشاندووەتەوە و ئەو ئافرەتەش ئازاد کراوە کە لە دۆسیەکەدا دەستگیر کراوە.
ڕەمەک ڕەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ ڕاگەیاند"دایک و باوکی سێوان قادر، سکاڵاکەیان لەسەر ئەو ئافرەتە کشاندووەتەوە و دادگا ئازادی کردووە".
وتیشی " دایک و باوکی سێوان قادر گوتوویانە کە ئێمە ئەو ڕۆژەی کچەکەمان گیانی لەدەست دا، دڵمان گەرم بووە، بۆیە سکاڵامان تۆمار کردووە و ئێستا بەپێویستی دەزانین سکاڵاکە بکشێنینەوە".
ڕوونیشی کردەوە، ئەو ئافرەتەی لەسەر دۆسیەی سێوان قادر پێشتر دەستگیر کرابوو، دراوسێی ماڵی سێوان بووە، دایک و باوکی سێوان بۆیە سکاڵایان لەسەر ئەو ئافرەتە تۆمار کردووە، گوایە لەکاتی ئاگر کەوتنەوەکەدا ھێزە ئەمنییەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە، بەڵام ئەو ئافرەتە چوەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئەگەر هێزە ئەمنییەکانی ئاگادار نەکردایەتەوە، ڕەنگە سێوان قادر ئەو چەند ڕۆژەش نەژیایە، بۆیە ”دواجار دایک و باوکی سێوان قادر تەنازولیان بۆ ئەو ئافرەتە کردووە و ئێستا ئازاد کراوە".
قایمقامی چەمچەماڵ بۆ باس نیوز ئاماژەشی بەوە کرد کە دۆسەی سێوان قادر لە دادگادا ماوە و دوێنێ دادگا داوای ڕاپۆرتی لە بەرگریی شارستانی کردووە و بڕیاری یەکلاکەرەوەش دواتر لەسەر دۆسیەکە دەدات.
No comments:
Post a Comment